پێناسەکردنی توندوتیژی و سەرچاوەکانی لە ڕوانگەی ژنۆلۆژییەوە

ئەکادیمیای ژنۆلۆژی لە بڵاوکراوەیەکی زانستیدا، توندوتیژی و سەرچاوەکانی لە ڕوانگەی زانستی ژنناسیی (ژنۆلۆژی) پێناسە دەکات و هەوڵدەدات چارەسەرییەکانیشی بخاتە ڕوو.

لە سەرەتادا پێناسەی توندوتیژی کراوە، کە هەڵسوکەوت و کردەوەیەکە بە بەکارهێنانی هێزی جەستەیی یان دەروونی یان بەڕێی ئابووری یان ڕاگەیاندن، بە جۆرێک کە بریندارکردن، سووکایەتیکردن، زیانگەیاندن، یان لەناوبردن یان زیانی دەروونی درێژخایەن دەگەیەنێت و دەرهاویشتەی بینراو و نەبینراوی لەسەر مرۆڤ و کۆمەڵگە دەبێ. توندوتیژی یەکێکە لە دیارترین ئەو کێشانەی کە کۆمەڵگە بەدەستیەوە دەناڵێنێت، توندوتیژییش چەند جۆر و پێناسەی هەیە.

لە ڕوانگەی ژنۆلۆژییەوە، پەیوەندی کۆمەڵایەتی لەسەر بنەمای هاوئاهەنگی، ڕێککەوتن، هاوپشتی و دیالۆگ گەشە دەکات، ڕێگای چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان مرۆڤەکان بە شێوەیەکی سەرەکی لە ڕێگەی گفتوگۆ و گوێگرتنە لە یەکتر، کاتێک مرۆڤ لەبری دانوستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەیەک یان بەدیهێنانی ویست و داواکارییەک فشار و هێز بەکاردەهێنێت؛ بەکارهێنانی هێزی جەستەیی، سەربازی، ئابووری و تەنانەت هێزی زانست و تەکنەلۆژیا لە دژی ئەوانی دیکە بە توندوتیژی دادەنرێت و بەم شێوەیە ئیرادە، ویست و مافەکان پێشێل دەکرێن.

سەرچاوەیەکی دیکەی توندوتیژی، شێوازی ژیانی ڕۆژانەیە، بۆ نموونە توندوتیژی لە پەروەردەکردن و مامەڵەی ڕۆژانە لەگەڵ کوڕدا ستایش دەکرێت، زۆربەی یاری، فیلم کارتۆن (ئەنیمەیشن) و وەرزش، ڕێژەیەکی زۆر توندوتیژی تێدایە،. لە زنجیرە و درامای تەلەفزیۆنیەکاندا توندوتیژی بەرامبەر ژن، لاوازی ژن و شەڕی نێوان پیاوان وەک ڕووداوی سروشتی دەخرێنەڕوو.

لە هەمان کاتدا دەوڵەت لە ڕێگەی شەڕ، کوشتن، تاڵانکاری و داگیرکارییەوە پەرە بە کولتووری توندوتیژی دەدات، ئەو کولتوورە هانی پیاوان دەدات بۆ بەکارهێنانی توندوتیژی، بەو ڕێیەش پیاوسالاری زاڵ و باڵادەست بڵاودەکرێتەوە، ئەو ڕۆڵ، خەسڵەت و و هەڵوێستانەی دیاری دەکرێن و بەسەر ژن و پیاودا دەسەپێنرێن، شەرعیەتدانە بە توندوتیژی پیاوان و چەسپاندنی بەهێزیی و تۆکمەیی پیاوە، کە ئاماژەی پیاوسالاریین.

ئەنجامدانی توندوتیژی بەرامبەر ژن

ژنان ڕۆژانە بە شێوازی جیاواز ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە، کاتێک باس لە ئەنجامدانی توندوتیژی بەرامبەر ژنان دەکرێت، زۆربەی خەڵک تەنیا بیر لە لێدان یان توندوتیژیی جەستەیی دەکەنەوە، بەڵام توندوتیژی تەنها لێدان نییە، بەو پێیەی توندوتیژی دژی ژنان بە شێوەی جیاواز پەیڕەو دەکرێت، توندوتیژی لە بوارەکانی دەروونی، جەستەیی، زایەندی، ئابووری و کۆمەڵایەتی تەنیا لەناو خێزاندا ئەنجام نادرێت؛ بەڵکو لەسەر شەقام، لە خوێندنگە، لە شوێنی کار و لە هەموو بوارەکانی ژیاندا ئەنجام دەدرێت.

نەک تەنیا لە لایەن باوک، برا، هاوسەر و ئەندامانی تری خێزانەوە، بەڵکوو لەلایەن کەسانێکی نزیک یان تەنانەت کەسانی نامۆ ژنان ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە، توندوتیژی، کە لەناو خێزان یان لە پەیوەندی هاوسەرگیری و خۆشەویستیدا ئەنجام دەدرێت، یەکێکە لە گەورەترین کێشە کۆمەڵایەتییەکان؛ بەڵام باسکردنی تا ئێستاش وەک شەرم و عەیبە دەبینرێت، ئەو توندوتیژییانەی لە دژی ژنان ئەنجام دەدرێت، بە چەندین شێوەی وەک لێدان و توندوتیژیی دەروونی ئەنجام دەدرێت، بەپێی ڕاپۆرتی ڕاگەیەنراو، بکوژانی ژنان یان دەستدرێژکارەکانیان زۆرجار ناسیاوەکانیانن و ئەو کەسانەن کە لە نزیکتریانن.

چەند نموونەیەک لە توندوتیژی دژی ژنان:

تاوانی کوشتن بە پاساوی نامووسپەرستی – پاکردنەوەی شەرەف

پراکتیزەکردنی ئەو داب و نەریتانەی زیان بە ژن دەگەیەنێت

هاوسەرگیری زۆرەملێ یان تەمەنی خوار ١٨ ساڵ

هاوسەرگیری گۆڕینەوە (گەورە بە بچوک و ژن بە ژن)

دەستوەردان و کۆنترۆڵکردنی شێوازی پۆشین

شەرمبینینی قسەکردن و پێکەنینی ژن

دەستدرێژیی سێکسی، هەراسانکردن و گێچەڵ

ڕێگریی لە بەشداریکردن لە بڕیارداندا

بێبەشکردن لە مافی قسەکردن

کەمبینینی کاری ژنان و ڕەتاندنیان

پشکنینی توانای منداڵبوونی ژن (وەک منداڵبوون یان لەباربردنی زۆرەملێ، قەدەغەکردن یان سنووردارکردنی لەباربردن یان منداڵبوون)

پشکنینی ‘پەردە’ی کچێنی یان گوایە پاکیزەیی.

بێبەشکردن لە میرات

خۆپاراستن لە توندوتیژی

مرۆڤ مافی خۆیەتی بەرگری لە خۆی بکات لە بەرامبەر هەموو جۆرە توندوتیژی و ستەمکارییەک؛ لەبەرئەوەی مەسەلەی خۆپاراستن سەرەکیترین پێوەری ژیانە، بەو پێیەی هیچ بوونەوەرێک نییە ڕێوشوێنی خۆپاراستنی نەبێ، هەموو زیندەوەران بە شێوازی جیاواز سیستەمی پاراستنی خۆیان پەرەپێداوە، بۆ نموونە: گوڵ بە دڕک خۆی دەپارێزێت، کەروێشک بەخێرایی جوڵەی خۆی دەپارێزێت و مار بە ژەهرەکەی.

بۆیە سیستمی پاراستنی مرۆڤ کۆمەڵایەتیبوونەکەیەتی، کە کۆمەڵگە دەبێتە پەناگەیەک بۆ مرۆڤ، بەڵام کاتێک کۆمەڵگە لەژێر کاریگەری دەسەڵاتدا بوو، ئەو پەناگەیەی لەدەست دەچێت، هەم کۆمەڵگە و هەم تاک بەڕێی سیستەمی دەسەڵاتدارێتی و دەمارگیریی ڕەگەزگەریی کۆنترۆڵ دەکرێت؛ بۆ ئەوەی تاک و کۆمەڵگە خۆیان بپارێزن؛ پێویستە ڕێوشوێن بگیرێتەبەر.

لەم خاکەماندا کە ڕووبەڕووی دەستدرێژیی دەوڵەتە پاوانخواز و زلهێزە نێودەوڵەتییەکان بۆتەوە، مرۆڤەکان ڕووبەڕووی کوشتن، کۆچ، هەژاری و برسێتی دەبنەوە، بەهۆی بۆردومانی گوندەکان و ژینگەی دەوروبەری سروشتەکەمان زیانی پێگەیشتووە، دەبێ لە دژی ئایدۆلۆژیای دەمارگیری ڕەگەزگەریی و دواکەوتوویی، ڕێوشوێن بۆ خۆپاراستن بگیرێتەبەر.

بۆ ژنان و گەنجان پرسی خۆپاراستن بابەتی ژیان یان مردنە، خۆپاراستن نەک تەنیا لە ڕووی جەستەییەوە، بەڵکوو پێویستی بە پەرەپێدانی سیستەمی پاراستنی کولتووری، دەروونی و هزری هەیە، خۆپاراستن لە هەمان کاتدا پەیوەستە بە هەڵوێست وەرگرتن و بەرەنگاربوونەوەی ستەمکاری و توندوتیژی، ئەم ڕێوشوێنانە بە تاک یان بەکۆمەڵ دەکرێت، بەڵام ئەگەر کۆمەڵگەیی نەبێت، هەمیشەیی و درێژخایەن نابێت.

چەند خاڵێکی سەرەکی لەبارەی خۆپاراستن:

ڕێکخستن بەهێزترین پێوەرە بۆ خۆپاراستن و هەموو دامەزراوەکان، بزووتنەوەکانی ژنان، شارەوانی، ئەنجومەنەکان، ماڵی ژنان…هتد بوونەتە شوێنی خۆپاراستن.

نەزانی یەکێکە لە هۆکارەکانی توندوتیژی، مەعریفە لە ڕێگەی پەروەردەوە گەشە دەکات و قووڵتر دەبێتەوە، کە هەموو ژنێک و هەر گەنجێک دەبێت خۆی پەروەردە بکات بۆ ئەوەی بزانێت چی خراپە، چی باش و چی نادروستە. لە هەمان کاتدا مرۆڤ پێویستی بە ناسینی مافە یاسایی، کۆمەڵایەتی و ئەخلاقییەکانی هەیە. سیستەمی پەروەردەش دەبێت لەسەر بنەمای پەروەردەکردنی کۆمەڵگە بێت، هەروەها لەسەر بنەمای تێگەیشتنی ڕێزگرتن لە یەکتر، یەکسانی، دیموکراسی و ئازادی بێت.

وشیاری بەرامبەر هەموو جۆرە توندوتیژییەک دەبێتە بنەمایەک بۆ خۆپاراستن. ئاگاداربوون و دەرککردن بە مەترسییەکان و گرتنەبەری ڕێوشوێن، بێدەنگنەبوون لە ئاست هەر هێرشێک و بەرەنگاربونەوە لە بەرامبەر کەسی توندوتیژکار، بەشێکە لە وشیاری. ئەمانە وا لە هێرشبەرەکان دەکەن پاشەکشە بکەن یان نەتوانن بە ئاسانی بجوڵێنەوە.

بنیاتنانی پێوەرەکانی ژیان لە ڕێگەی پەروەردە، ڕێکخستن و خەباتەوە، بنەمایەکی دیکەیە بۆ خۆپاراستن. بە پێوەرەکانی جوانناسی، ڕاستگۆیی و چاکە، هەرکەسێک دەتوانێت هەستی و هەڵوێستی ڕێزداری لەگەڵ دەوروبەرەکەیدا بونیات بنێت. چونکە جوانی هەڵسوکەوت، ڕەفتار، ئارامی، سەرکەوتن لە کار، دادپەروەری و چاکە دەبنە بنەمای ڕێزگرتن و دەبنە پێوەرێک بۆ خۆپاراستن.

بەشداری ژنان لە سیاسەتی دیموکراتی و پەرەپێدانی دادپەروەری کۆمەڵایەتی ئامرازێکە بۆ خۆپاراستن.

ش. ئـ

Comments are closed.